گوتەبێژی دەستەی ژینگە: پرۆژەی ڕووناکی هەوای هەرێمی کوردستانی پاک کردووەتەوە

Published at: Jul, 23 2025

سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاند، بە بەراورد بە کاتی پێش جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی و کوژانەوەی موەلیدەی گەڕەک و بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکان، ژینگەی هەرێمی کوردستان پاکبووەتەوە و ئێستا دەردانی گازی زیانبەخشەکان بە ڕێژەی %٣٠ـی لە هەوا دا کەمیکردووە.

گوتیشی: کەمبوونەوەی گازە زیانبەخشەکان لە ماوەیەکی وەها کورت و پێوانەیی دا، ڕێژەیەکی بەرزە، هەربۆیە پێشبینی دەکەم لە دوو ساڵی داهاتوودا کەشوهەوا تەواو بەرەو باشتر بچێت.

سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت: پاکبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کارە پێشینەکانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانییە، بۆیە بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی شوێنە گشتی و پاڵاوگەکان و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکەین، ئێستا هیچ پرۆژەیەک یاخود شوێنێکی گشتی وەک، ڕێستۆرانت و کافتریا، مۆڵەتیان پێنادرێت ئەگەر سەرەتا مۆڵەت لە دەستەی ژینگە وەرنەگرن.

پرۆژەی ڕووناکی، یەکێکە پڕۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و کوژانەوەی موەلیدەکان، کە تاوەکوو ئێستا بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی، ٩٠ هەزار موڵکی بازرگانی لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری سوودمەند بوون.

هەروەها زیاتر لە ٢١٠٧ موەلیدەی گەڕەکەکان کوژێندراونەتەوە و لە پلاندایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکوژێندرێتەوە و کارەبای تەواوی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکانیش بکرێتە ٢٤ کاتژمێری.


کوردستان٢٤